په‌یامێک له کامیلی خۆشه‌ویسته‌وه
سڵاو و رێ و خۆشه‌ویستیی بێ کۆتاییم بۆ کاک بریای خۆشه‌ویست.
کاکه گیان پڕ به دل خۆشحاڵ بووم به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه. سه‌ردانی که‌سانی وه‌ک جه‌نابت و کاک سوله‌یمان و کاک ره‌حیم و کاک عه‌زیز و سه‌یدی خۆشه‌ویست، ئه‌گه‌ر هیجی تازه‌شی بۆ خۆتان تێدا نه‌بێ، لانی که‌م ده‌توانێ هانده‌رێک بێ بۆ زۆر لاوی تامه‌زرۆی ئه‌ده‌بیات که پێویستیان به که‌سانێکه ده‌ستیان بگرن و رێگایان نیشان بده‌ن. له‌و هه‌زار به هه‌زاره‌ی کطیبان دا کتێبی باشیان پی بناسێنن و گوێ له به‌رهه‌مه‌کانیان بگرن و ماندوو نه‌بن له بیستنی به‌رهه‌می ئه‌و لاوانه‌ی ره‌نگه له داهاتوو دا ببنه نووسه‌ر. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و شته‌یه که به‌رده‌وام له ده‌رسه‌کانی گوڵشیری دا ئاماژه‌ت پێ ده‌کرد. ئه‌و کات که خۆم له ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان بووم زۆرم حه‌ز ده‌کرد ئێوه له‌و کۆڕانه دا به‌شداری بکه‌ن. پاش په‌ڕیوه بوونیشم، گله‌یی و گازنده‌ی ئه‌وه‌م له کوڕه‌کان ده‌بیست که که‌سانی وه‌ک ئێوه هیچ یارمه‌تییان ناده‌ن. خۆشحاڵم که ئێستا ئه‌و سه‌هۆڵانه تواونه‌ته‌وه.
راستی ئێمه‌ش له هه‌ولێر ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیمان داناوه. 5 شه‌ممه‌ی رابردوو یه‌که‌م کۆڕی به به‌شداریی 16 نه‌فه‌ر به‌ڕیوه چوو. وێبلاگێکیشمان بۆ داناوه. بابه‌ته‌کان به‌ر له‌وه‌ی له‌وی بخوێنرێنه‌وه له‌و وێبلاگه دا بلاو ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداربوان مه‌جبوور نه‌بن به جارێک خوێندنه‌وه له‌سه‌ر بابه‌تێک بدوێن. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌و وێبلاگه دا تێبینییه‌ک یا ره‌خنه‌یه‌ک هه‌رچه‌ند کورتیش له‌سه‌ر هه‌ر کام له بابه‌ته‌کان بنووسێ، دواتر له دانیشتنی ئه‌نجومه‌ن دا ده‌خوێنرێته‌وه.
ئێوه‌ش ده‌توانن یارمه‌تیده‌رمان بن. ئه‌وانه‌ی لیره‌ن زیاتر شاعیر و نووسه‌رن نه‌ک ره‌خنه‌گر. تکایه له لایه‌ن منیشه‌وه دۆستانی تر ئاگادار که‌وه، با سه‌ردانی وێبلاگه‌که‌ی ئێمه‌ش بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌کیان له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێک هه‌بوو، ته‌نانه‌ت دێڕێکیش بێ بۆمان بنووسن. ئه‌وه هه‌م دڵخۆشمان ده‌کا بۆ درێژه‌ی کاره‌که‌مان و هه‌م هه‌ست ده‌که‌ین له ئێوه دانه‌بڕاوین.
راستی ئه‌نجومه‌نه‌که‌مان ناوی "زێد"ه. ئه‌وه‌ش ئادره‌سه‌که‌ی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کامیل گیان به‌داخه‌وه ئادره‌سه‌که‌ت به هه‌ڵه ناردووه ....