ئێستا له‌م رۆژه‌گاره و رۆژانه‌دا چیرۆک ده‌ڵێ چی و ئێمه بۆ هێنده بیر له چیرۆک ده‌که‌ینه‌وه؟ نووسه‌ر کێیه و قسه‌ی چییه؟ بۆ کێ ده‌نووسێ و په‌یڤه‌کانی چین؟ یان بۆ ده‌نووسێ؟ کی پێیکوتوه بنووسێ؟ ده‌یه‌وێ به نووسین چبکا؟ چی بگۆڕێ؟ ئێستا ئه‌وه ئه‌و هه‌موو گۆڕانه به په‌له‌یه له گۆڕێدایه، ئێستا له‌م "تۆفانی لم"ه‌دا، کامه‌یه گه‌می و که‌شتی نووسه‌ران؟ به پێویستی ده‌زانم بۆ ئه‌وه‌ی بزانین مه‌نزوورمان کامه رۆژان و رۆژگاره، باشتره بڕێک باسی لێوه بکه‌ین.
ترۆتسکی ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ی ده‌یهه‌ویست ژیانێکی ئارامی هه‌بێ نه‌ده‌بوو له سه‌ده‌ی بیستدا له دایک بێ." به‌ڵام که ئه‌مڕۆ ته‌ماشای دنیا ده‌که‌ین، ئه‌م سه‌ده‌یه زۆر سه‌یرتره له سه‌ده‌ی بیست. ئه‌م ئه‌گه‌ر به ته‌قاندنه‌وه‌ی بورجه ئاوهڵدووانهکان ده‌ستی پێ‌کرد، له‌و رۆژه‌وه نه‌وه‌ستاوه و ئارامی نه‌گرتۆته‌وه، جا چ به شه‌ڕوشۆر بووبێ چ به کاره‌ساته سروشتییه‌کان و ... ئه‌گه‌ر ریزیان بکه‌ین هێنده به په‌له تێده‌په‌ڕن فریای چله‌ی ئه‌وه‌یان ناکه‌وی ئه‌ویان ده‌سپێده‌کا. به‌ڵام به بڕوای من "تۆفانی لم"ی سه‌ده‌ی بیستویه‌ک له هه‌مووشتێکی ئه‌م ده‌ورانه سه‌رسووڕهێنه‌رتر بووه. "لم"ێک که تا دوێنێ له ژێر پای سوڵتان و پادشادا راده‌کشا و فزه‌ی له خۆی ده‌بڕی نه‌ک پای سوڵتان ئازار ببینێ ئێستا هه‌ستاوه و چاوی پادشا و سوڵتان و جه‌للا و دیکتاتۆڕ کوێر ده‌کا. ئێستا نه‌ک هه‌ر به‌ر ده‌رگای ماڵی سه‌رۆکه‌کان تاریک ده‌کا به‌ڵکوو ماڵیان ده‌با به حه‌وادا و که‌س نازانێ له کوێ فڕێان ده‌دا. ئه‌م تۆفانه وایه له‌رزی بۆ هه‌ر سه‌رۆک و دیکتاتۆڕێک بڕیوه. ئه‌و تۆفانه که له تۆنێسه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد، ئارامی نه‌گرتۆته‌وه و ئه‌وه‌تا دوای میسر و لیبی له سورییه‌یه‌ک هه‌ڵیکردۆتێ که ماوه‌ی په‌نجاساڵه خه‌ڵکه‌که‌ی له ژێر چه‌کمه‌ی سه‌رکوتکه‌رانی حیزبی به‌عسی حافز و به‌شار ئه‌سه‌دی کوڕیدا، له "بارودۆخی تایبه‌ت"دا ده‌ژین؛ -بارودۆخی تایبه‌تیش زۆر باس هه‌ڵگره، یانی به‌ندیخانه‌یه‌کی بڕێک گه‌وره به ئه‌ندازه‌ی وڵاتی سورییه- که نازانم ئه‌مه بۆ ژیانه؟! تۆفانه‌که‌ش وه‌ک ده‌بینن له "به‌رده‌رگای سه‌را"ی ئێمه‌شدا هه‌ڵیکردووه و که‌موزۆر ئارامی نه‌گرتووه. ئه‌م حه‌وشه بچووکه‌ی ئێمه‌ش به‌رگه‌ی حیزببازی و سه‌رۆکسازی و سه‌روه‌زیرخوازی ده‌کا به‌ڵام بۆ شتی وانابێ ده‌شێوێ! شێوانێکی وا که ئاراوقارای به که‌سه‌وه نه‌هێشتووه.؛ به کاسهلێسترین شاعیری حیزبی دوێنێ و هێمنترین رووناک‌بیر و هه‌موو هاوڕێ حیزبییه‌کانی دوێنێ و هه‌موو پڕوپیرێژنی ئه‌م دیو و ئه‌و و هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستانه‌وه؛ ته‌نانه‌ت ترسی خستۆته داروبه‌ردمانه‌وه. سێ قۆڵی سه‌ره‌کی حیزبی له‌م تۆفان و بهرتۆفاندا له گۆڕێدان -هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سێ حیزب و خه‌ڵکیش حه‌ساب بکه‌ین ده‌بنه چوار قۆڵ به‌ڵام من مه‌نزوورم سێ قۆڵه‌که‌یه.- و هه‌رکامیان جۆرێک غه‌می ده‌خوات و هه‌رکه‌س جۆرێک بیری بۆ ده‌کاته‌وه. به‌ڵام هه‌موو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به موراد، غه‌می سه‌ره‌کیان نیشتمان، ئاڵا، گه‌ل، کورد، دوژمن، عه‌ره‌ب، تورک، که‌رکوک و ئه‌مانه‌یه، ئیدی گه‌نده‌ڵی، سه‌روه‌ریخوازی، پاره، ماڵ، گه‌ڵ، رابواردنی شاهانه به ناوی نیشتمانه‌وه و هه‌موو نامرۆڤایه‌تی کردنێک، له ژێرسێبه‌ری گه‌وره و سهرۆکاندا هه‌مووی ناڕه‌وایه‌ک بکه‌ی به ره‌وا، باس ناکرێ. دوو لایه‌نی دژی یه‌ک، دوو لایه‌نی پڕوشڕ. دوولایه‌ن که هه‌رکامیان جۆرێک ده‌ردیان هه‌یه. یه‌کی غه‌می سه‌رۆکیه‌تی هه‌تا خۆشی سه‌رۆکایه‌تی له ده‌س نه‌دا، هه‌تا ئه‌و پارووه چه‌ورانه‌ی له ده‌م به‌رنه‌بێته‌وه واله ژێری سێبه‌ری سه‌رۆکدا بایده‌دا. ئه‌وه‌ی که‌شیان غه‌میه‌تی، غه‌می کوردستان، ئاڵا، حیزبه‌کی، حکوومه‌ته‌که‌ی و ئه‌و دنیا نه‌جیبه‌ی حیزب بۆ ئه‌و و هاووڵاتیانی دورست کردووه که هی ئه‌م بڕێک له هی هاووڵاتیان زیاتره، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌هه‌شتێکی بچووک، که حیزب و خودا پێیداوه. کاری حیزب و خودا‌ش وایه، پاره هیچ، ماڵ هیچ، که ئه‌گه‌ر ویستی له راسته شه‌قامێکی نێوه‌ڕاستی شاردا به چله‌ی هاوێن و له به‌ر چاوی هه‌زاران مرۆی سه‌رسووڕماو ماسی بگرێ، ده‌یگرێ.
به‌ڵێ تۆفانی لم له به‌ر ده‌رگای ئێمه‌شدا هه‌ڵیکردووه، ئه‌م به‌ره و ئه‌و به‌ر هه‌ریه‌ک به جۆرێک غه‌میانه. به‌ڵام له به‌شی سێی سه‌رۆکایه‌تی تۆفانیشهوه، جودا له‌م تین و ته‌وژم و غهمخۆڕییه، "کاره‌ساتی دۆر" که عومری به درێژایی ته‌مه‌نی هه‌موو دهسهڵاتخوازییهکه، له هه‌میشه‌ی خۆی به‌هێزتره. ئه‌گه‌ر لایه‌نی یه‌ک و دوو درۆ ده‌که‌ن هیچ چاره‌یه‌کیان نییه، غه‌یری ئه‌وه هیچیان به ده‌سه‌وه نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام خۆ هه‌ڵواسینی لایه‌نی سێ به‌و درۆیانه‌وه جێگای پرسیاری گه‌وره‌یه.
ئێمه ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیسته‌که‌ی ترۆتسکی، له‌وێ دوو قۆڵی ئامانجخوازی پڕ له توندوتیژی که یه‌کیان باسی به‌هه‌شتی ئاسمانی ده‌کرد و خه‌ڵکی به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌برد، ئه‌وه‌ی که‌یان ئیدعای وه‌دیهێنانی به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌وی بۆ هه‌ژاران و چه‌وساوان ده‌کرد. ئه‌میان به هۆی به ده‌سه‌وه‌گرتنی که‌ره‌سی ئایین ئه‌وانی به کافر ده‌زانی و ئه‌مانیش به هۆی ئه‌وه‌ی که دژی خورافه و درۆ و تاریکیین هه‌مووشتێکی ئه‌وانیان وه‌لا ده‌نا و ئه‌وانیان به کۆنه‌په‌ره‌ست ده‌زانی. دژایه‌تی یه‌کیان ده‌کرد و وه‌ک ئاوخواردن یه‌کیان ده‌نا به دیواره‌وه و یه‌کیان تیره‌باران ده‌کرد، یه‌کتریان به کۆمه‌ڵ و بێ مه‌حکه‌مه و بریکار ئێعدام ده‌کرد؛ -هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یان له لایه‌نی به‌هه‌شته ئاسمانییه‌که‌دا هه‌ر زۆر به ئاشکرایی و له زۆر وڵاتی ئیسلامی‌دا کراوه و تازه کۆمۆنیست و کافر کوشتن یاسایه‌کی زۆریش پیرۆز بووه.- ئه‌مانه ئێستا، له هێندێ جێگا، له‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیدا و له به‌رچاوی سه‌دان دووربینی زه‌ق بۆوه‌ی جیهاندا ده‌سی خوێناوی ده‌نێنه ناو ده‌سی یه‌کتری و یه‌کتری له باوه‌ش ده‌گرن، برای یه‌کن و جێژنی له دایک بوون بۆ یه‌ک ده‌گرن. له به‌رده‌گای سه‌رای ئێمه‌ش ئه‌م دووقۆڵه قیناوییه کۆنه سازاون و فه‌رمان و فه‌رمایشتی یه‌کتری په‌سه‌ند ده‌که‌ن؛ ئه‌ویش فه‌رمانی "جه‌هاد". به‌ڵام جه‌هاد به‌ره‌و کوێ؟ به‌ره‌و وڵاتی تورکیه که ساڵان حاشای له بیست میلیۆن کورد ده‌کرد؟ به‌ره‌و وڵاتی سوورییه که ده‌ڵێن مرۆی کورد ئێستاش له‌وێ پێناسه‌ی نییه، چ بگا به هه‌قه سروشتییه‌کانی دیکه‌ی؟ یان جه‌هاد به‌ره‌و سه‌دام حسه‌ین به هه‌موو جهنایهتهکانییهوه؟ یان ...؟
من پێموایه یه‌کێ له وشه هه‌ر پیسه‌کانی ته‌واوی مێژووی به‌شه‌ر وشه‌ی "سه‌رۆکه". چونکه هه‌ر که‌س بووه سه‌رۆک -هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه چه‌ند که‌سێکیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م جه‌غزه هه‌بن- زه‌وی و مرۆ و ئاسمان و هه‌مووشت ده‌که‌ن به دوو قاته‌وه؛ هه‌روه‌ک دیومانه ماڵی سه‌رۆک و بنه‌ماڵه و داروده‌سته‌که‌ی له قاتی زه‌ویه‌وه هه‌ڵده‌کشێن به‌ره‌و ئاسمان؛ ئێستا چ سه‌رۆک ئیستالین رێبه‌ری شۆڕشی یه‌کسانخوازی چینی کرێکار بێ به دژی سه‌رمایه‌داری زگزلی چه‌وسێنه‌ر، یان سه‌رۆک فڵان بێ له کوردستانی به‌شخوراوی به‌دبه‌ختی لێقاوی ئه‌نفالکراو و ... یان هه‌ر جۆره سه‌رۆکێکی دی بێ، له هه‌ر جۆرێکی! ئه‌و هه‌ڵده‌کشێ به‌ره‌و ئاسمان و ئێمه‌ی بچووکی هیچ و پووچ ده‌مێنینه‌وه که ده‌بینه مه‌ڕوماڵات و خاکوخۆڵی به‌رپای سه‌رۆک. ئه‌ورۆژه‌ی سوجده‌ت نه‌برد ده‌بیه دوژمن، ده‌بیه نامرۆ، ده‌بیه شتێکی پیس که پیاوانی سه‌رۆک هه‌قیان هه‌یه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک پاکتکهنهوه و له ناوت به‌رن. خوێنت، ماڵومنداڵ و نامووست حه‌ڵاڵ ده‌بێ، هه‌قه زیندانیت که‌ن و ئه‌شکه‌نجه بکرێی، تۆ دژی نیشتمانی، دژی گه‌لی و خۆت به دوژمن فرۆشتووه و پێویسته ئیعدام بکرێی. به‌ڵام پێموا نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م شته پیسه به‌ربه‌ره‌کانێ بکه‌ین ده‌بێ له هه‌موو که‌ره‌سه‌یه‌ک و هه‌موو درۆیه‌ک که‌ڵک وه‌ربگرین. کاتێ له‌گه‌ڵ رێبه‌ری سیاسی ئه‌م گۆڕانه، ده‌دوێن وه‌ها باسی عیزرائیل ده‌کا که جوان دیاره ئه‌ویش وه‌کو سوڵتانه تازه و کۆنه‌کان وا خۆیان به جێنشینی خودا و پێغه‌مبه‌ر ده‌زانی و وه‌ها باسی ئه‌وانیان بۆ خه‌ڵک ده‌کرد ئه‌نه‌هوو ئه‌وه حه‌قته‌عالا فه‌قه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌م و کاره‌کانی ئه‌م په‌سه‌ند بکا و ببێته قۆڵی جه‌نایه‌تکاری ئه‌وان. به‌داخه‌وه ئه‌م رێبه‌ره کۆنه چه‌پ و پێشڕه‌و و به ئه‌زموون و نه‌گۆڕه، وه‌ها باسی عیزرائیل ده‌کا که به‌ڕاستی ده‌ڵێی له ئاسمانه‌وه به ده‌نگی ئه‌وه‌وه هاتووه که هاوحیزبییهکۆنهکانی دوێنێی بۆ ته‌مێ بکا. یان کاتێ لێی ده‌پرسن پێشتوانت کێیه؟ قامک به‌ره‌و ئاسمان راده‌کێشێ: هه‌وه‌ڵ خودا و دوایه‌ش ئه‌و خه‌ڵکه‌یه. که ئه‌مه راست قسه‌ی هه‌موو دیکتاتۆڕ و سوڵتانه جه‌نایه‌تکاره‌کانی ده‌وروبه‌رن، وا له‌گه‌ڵ هه‌موو جه‌نایه‌ته‌کانیان ناوی خه‌ڵکیان له سه‌ر زاره و هه‌ر خه‌ڵک له به‌ر خۆیان ئاوا ده‌کوژن و ده‌چه‌وسێننه‌وه و والێده‌که‌ن. ئه‌م سه‌رۆکایه‌تییه چه‌په رایدکاڵه‌ی دوێنێ، به‌یانیش مامۆستایه‌کی ئایین دێنن فه‌رمانی جه‌هادیان بۆ سادرکات. جه‌هاد له کوێوه به‌ره‌و کوێ؟ جه‌هاد یانی چی ئه‌ی رێبه‌ری عهداڵتخوازی شۆڕشگێڕی کۆڵنه‌ده‌ری نه‌سره‌وتوو!؟ جه‌هاد یانی ئه‌وه‌ی هه‌قی رای جیاواز،ده‌نگی جیاواز، ژینی جیاواز و دینی جیاواز و هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکی جیاواز کوشتن و له به‌ین بردنی جیاوازییه‌کان و دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئایینی که له‌وێدا خوداوه‌ندی ته‌باڕه‌ک و ته‌عالا حکوومه‌ت ده‌کا و هه‌مووشت به پێی یاسای پیرۆزی ئه‌و ده‌چێته پێشێ. یان، یانی: کوره‌ی باکوور، یانی لیبی و سه‌رهه‌نگ و کتێبه‌سه‌وزه‌که‌ی و سوورییه‌ی ئه‌سه‌ده‌کان و یانی دروستکردنی یه‌کسانییه‌کی ره‌ش و تاریک و پڕ له جه‌نایه‌ت.
ئێستا به‌ڕاستی له‌م بارودۆخه‌دا چیرۆک ده‌ڵێ چی و نووسه‌ر چی پێیه؟ به گشتی جوابی پرسیاره‌کانی سه‌رێ چین؟ به بڕوای من هه‌ر جوابێک ئێمه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌ره‌تا و ده‌مانباته‌وه سه‌ر سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مه‌گه‌وره‌کانی ئه‌ده‌بیات. نووسه‌ر هه‌ر له‌وێ رۆژانه‌وه وا فکر و شوعوور له ئینساندا چه‌قه‌ره‌ی کردووه، بانگه‌وازی ئاشق بوونی خۆی راگه‌یاندووه. نووسه‌ر ئاشق و ئه‌وینداری بیرکردنه‌وه‌یه. ئاشقی دروستکردنی دنیایه‌کی تازه و نه‌بینراوه. دنیایه‌ک که هه‌ر له‌وێوه هه‌تا ئه‌مڕۆی تێدا بووه. بۆ وێنه هومێڕ چ کاریگه‌رییه‌کی له سه‌ر ژیان و بیری هه‌موو ئینسان له سه‌ره‌تاوه و هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌بووه؟ مه‌گه‌ر غه‌یری ئه‌وه‌یه فیرده‌وسی پایه و کۆڵه‌که‌ی فه‌رهه‌نگ و بیری مرۆی فارس و بیری نه‌ته‌وایه‌تی ئیرانیه له به‌رانبه‌ر فه‌رهه‌نگه هورووژم هێنه‌ره‌کاندا، به تایبه‌ت عه‌ڕه‌ب؟! نووسه‌ر ده‌ڵێ چی؟ مه‌سه‌له‌ن سێروانێس بۆ چی دۆن کیشۆتی بۆ خه‌ڵکی جیهان گێڕاوه‌ته‌وه و بۆچی هه‌موو ئاشقی دۆن کیشۆتین؟ ئه‌سه‌ڵه‌ن ئامانجی دۆن کیشۆتی خه‌ره‌فاو چییه وا هه‌ر که‌سێ ژیانی ئه‌م پیره‌پیاوه گه‌وجه‌ی خوێندبێته‌وه خۆی به یه‌کێ له نزیکان و هاوڕێیانی ئه‌و ده‌زانێ؟ شێکسپیه‌ر ده‌ڵێ چی وا به قه‌د هه‌زاران رێبه‌ر و گۆڕان و شۆڕه‌شه‌کان له سه‌ر دنیا کاریگه‌ری هه‌بووه؟ ئه‌گه‌ر ناو به‌رین ده‌توانین هه‌ر که‌س لای خۆیه‌وه هه‌زاران نووسه‌ر ناو به‌رێ و به‌رهه‌می ئه‌وانه و کاریگه‌ری ئه‌وان لێکداته‌وه. ئه‌گه‌ر وانیه خۆشه‌ویستی و کاریگه‌ری کێ ماوه‌ته‌وه؟ سیاسه‌تبازه دۆزنه‌کانی مێژۆ یان نووسه‌رانی ئاشقی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی؟ گه‌می و که‌شتی نووسه‌ر نووسینی راستیه‌کانه. نووسینی ئه‌و راستیانه‌یه که ئه‌مڕۆ و دوێنێ و سبه‌ینێ ناناسێ. نووسه‌ر ئاشقه و هه‌رگیز ناتوانی به نووسه‌ر بڵێی بۆ ده‌نووسی؟ وه‌کو چۆن ئه‌م پرسیاره لای ئاشق بێ ماناترین پرسیاره. قه‌زاوقه‌ده‌ری ژیانی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه که بۆته نووسه‌ر و ده‌بێ بنووسێ. ده‌نووسێ هه‌تا خۆی و دیتران چاکتر بناسێ و بناسێنێ. هه‌تا ئه‌و ناسینه ببێته هۆی دروستبوونی شوناس و ئینسانی تاک و مرۆی تاکی کورد؛ هه‌تا ئه‌و تاکه بزانێ بۆچی ده‌بێ ببێته تۆفانی لم، هه‌تا بزانێ بۆچی له به‌ردرگای سه‌رۆکه‌کان کۆبێته‌وه، هه‌تا ئه‌وه‌ی بزانێ ده‌بێ چی بوێ و چی نه‌وێ. هه‌تا ئه‌وه‌ی هه‌میشه هوشیار بێ و وه‌ک تفه‌نگ له سه‌ر پێ بێ له هه‌ر کوێیه‌ک و له هه‌ر کاتێکدا گه‌نده‌ڵی و نامرۆڤایه‌تی دی ده‌بێ ببێته تۆفان و هه‌ستێ بۆ جه‌هاد؛ به‌ڵام جه‌هاد به مانای ئه‌وه‌ی هه‌مووکه‌سێک هه‌قی ژیانی هه‌یه، جه‌هاد بۆ رێزگرتن له هه‌موو جیاوازی و ره‌نگاوره‌نگییه‌کان، هه‌موو هه‌ڵبژاردن و ده‌نگه‌کان. جه‌هادی مرۆی مۆدێڕن و تازه و زانا. جه‌هادێک له زاتی ئه‌ودا ده‌بێ هه‌میشه زیندوو بێ و پێویستی به حوکمی هیچ مامۆستایه‌کی ئایینی یان نائایینی نه‌بێ. دنیا ده‌وران ده‌ورانه و که‌سانێکی زۆر بوون، ئه‌وانه‌ی دوێنێ قورئانی پیرۆزیان ده‌برد به‌ره‌وپیری خوێنڕێژترین ئه‌نفالچی عه‌ڕه‌به‌وه، ئه‌وکاتیش هه‌رکه‌س دژی سه‌رۆک سه‌دام حسه‌ین بایه و سوجده‌ی بۆ نه‌بردایه ده‌که‌وته ناو جه‌غزی حوکمه ئاسمانییه‌کانی ئه‌وانه‌وه. سه‌دام له کوێ و حکومه‌تکه‌رانی ئه‌مڕۆی کورد له کوێ و حوکمی جه‌هادی ئه‌و کات و ئه‌م کات چه‌نده‌ی جیاوازی هه‌یه؟
نووسه‌ر فکر ده‌کاته‌وه و ده‌نووسێ هه‌تا ئه‌م فه‌رهه‌نگه پیرۆز و ئینسانییه دروست بکا و ئه‌و خه‌ڵکه به‌ره‌و ئه‌و فه‌رهه‌نگه ئینسانی و مرۆڤانه‌یه بچن که خۆیان حوکم بده‌ن، خۆیان بگۆڕن و خۆیان دروست بکه‌ن. چونکه ده‌زانن هه‌تا ئێستا خوداوه‌ندی میری مه‌زن هه‌رگیز نه‌هاتۆته خوارێ ژیانی هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کی به ده‌سی خۆی نه‌گۆڕیوه. هه‌تا ئێستاش ئه‌و هیچ به‌ندیخانه‌یه‌کی دروست نه‌کردووه و هیچکات ئه‌و هیچکام له‌و که‌سانه‌ی دژی ئه‌ویشن حوکمی ئیعدامی نه‌داون. هیچکات هیچ ئازادیخوازێکی بۆ هیچ سه‌رۆکێ ته‌مێ نه‌کردووه. ئه‌و کاتێ ئاوا به مێهره‌بانییه‌وه ئه‌و هه‌موو مرۆ جۆراوجۆره‌ی دروست کردووه، که‌وابوو ئه‌و یانی ره‌حمه‌ت و خۆشه‌ویستی، یانی چاکه، یانی راستی و دژی زوڵم بوون، وه ئیستا هیچ جه‌هادچی و دژه جه‌هادێک هه‌قی ئه‌وه‌یان نییه به ناوی ئه‌م چه‌مکه جوان و پاکه‌وه حوکم بۆ خه‌ڵک ساز بکه‌ن و درۆی به ناوه‌وه بکه‌ن.
نووسه‌ر قه‌زاوقه‌دری ئه‌وه‌یه ئه‌مانه بنووسێته‌وه، وه‌ک چۆن سه‌دان چیرۆک له ناو کتێبه پیرۆزه‌کانی خوداوهندیشدا هه‌ن و سه‌دان چه‌مکی جۆراوجۆری به چیرۆک بۆ مرۆ گێڕاوه‌ته‌وه. نووسه‌ر ئاوا ده‌نووسێ هه‌تا خوێنه‌ر بێ خه‌ووخۆراک و ماندووبوون چیرۆکه‌که‌ی بخوێنێته‌وه و چێژ به‌رێ و بحه‌سێته‌وه. نووسه‌ر بڕوای به‌وه هه‌یه که چیرۆک هه‌میشه له پێناوی خۆشی و گۆڕانه فکری و ده‌روونییه‌کانی مرۆ دایه. نووسه‌ر هه‌میشه له سیاسه‌تبازان زیاتر تێده‌کۆشێ بۆ به‌خته‌وه‌ری زه‌وی و وڵات و نیشتمان؛ بێئه‌وه‌ی درۆ له‌گه‌ڵ ئینسانه‌کان بکا و بۆ فریودانی ئه‌وان له ره‌شترین حوکمه‌کان و له کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ترین که‌ره‌سه‌کانی ژیان که‌ڵک وه‌ربگرێ.